تیگەشتنی هێماكان لە كاتی وانەوتنەوەدا
تیگەشتنی هێماكان لە كاتی وانەوتنەوەدا
م. کوێستان جەمال عەزیز
مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانەی جیهانی سلێمانی
وانەوتنەوە پڕۆسەیەكی دوولایەنەیە بۆ گواستنەوەی زانیاری، ڕادەی سەركەوتنیشی بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆی ئەو کەسەی وانە دەڵێتەوە (مامۆستا)، كە ئایا تا چی ڕادەیەك كارامە و شارەزایە لە چۆنێتی گەیاندنی ئەو زانیارییانە بە فێرخواز (قوتابی)، ئەوەش بە دروستكردنی كەشێكی زانستی و پەروەردەیی و فەراهەمكردنی ئاسوودەیی و ئارەزوو لە لای قوتابیان بۆ پێشوازیكردنی وانەكە و خواستی فێربوون و هەماهەنگی لەگەڵ مامۆستا. ئەم ئامانجەش كاتێك دێتە دی كە مامۆستا ڕەچاوی جیاوازیی تاكایەتی و ئاستی زانستی و تەمەنی قوتابیانی كردبێت و دۆخی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ئەوانی فەرامۆش نەكردبێت، هەروەها لە شوێنی ترس و دڵەڕاوكێ، ڕێز و خۆشەویستی ئەوانی بۆ خۆی بە دەست هێنابێت.
لێردا تیشك دەخەینە سەر یەكێك لە بابەتە گرنگەكان لە
چەمكی وانەوتنەوەدا، كە دەكرێت لە کاتی وانەوتنەوەدا هاوكار بێت بۆ خودی مامۆستا و
بۆ قوتابیش، كە ئەویش تێگەشتنە لە هێماكان و پەیڕەوكردنیەتی لە لایەن مامۆستاوە.
بەكارهێنانی ئەم تەكنیكە هاوشێوەی بەكارهێنانی (هێماكانی پۆلیسی هاتوچۆ)یە. ئەم
تەكنیكە یارمەتیدەرە بۆ سوودوەرگرتن لە كاتی وانەوتنەوە و بەفیڕۆنەدانی کاتی
خوێندنی ناوپۆل، لە هەمان کاتیشدا جۆرێکە لە نوێگەری لە وانەوتنەوەدا و دەرچوونە
لە چوارچێوە کلاسیکییەکانی خوێندن. لێرەدا چەند نموونەیەك دەخەینە ڕوو بۆ ئەوەی
بتوانن سوودی لێوەربگرن و لە پاڵ ئەم هێمایانەدا، هێمای جۆراو جۆری زیاتریش دروست
بكەن.
هەندێك جار مامۆستا لە ناو گەرمەی بابەتەكەدایە، هەم خودی
خۆی، هەم قوتابیەكانیشی بە بابەتەكە تێكەڵ كردوە، كاتێك كە پرسیار ئاڕاستەی
قوتابییەكان دەكات لەم كاتانەدا یەكێك لە قوتابییەكان دەست بەرزدەكاتەوە! مامۆستا دەیەوێت
بەشداریی پێ دەكات و بە دڵخۆشییەوە دەلێت فەرموو (فڵان)، بەڵام ئەم قوتابییە دەستی
هەڵنەبڕیوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكە، بەڵكوو داواكارییەكی تری هەیە. بۆ نموونە
ڕەنگە بڵێت: "مامۆستا ڕوخسەت هەیە بچمە دەرەوە؟"، یان "مامۆستا ئاو
بخۆمەوە". لەم كاتەدا مامۆستا و قوتابیان لە بابەتی سەرەكیی وانەكە لادەدەن لەبەر
ئەو وەڵامە چاوەڕواننەكراوە، كە كاریگەریی دەخاتە سەر دەروونی مامۆستاكە.
هەر لەبەر ئەمەیە کە مامۆستا دەتوانێت قوتابییەكان فێری هەندێك
هێما بكات تا لەم دۆخە خۆی بە دووربگرێت. ئەگەر دوو قوتابی دەستیان هەڵبڕی، یەکیان
ویستی "ئاو بخوات" ئەوی تریشیان "بەشداریی وانەکە بکات"،
مامۆستا بە شێوەی دەستهەڵبڕین و جۆری ئەو هێمایەی بە دەستیان ئاماژەیان پێ داوە، دەزانێت
كێ وەڵامەكەی لایە و دەتوانێت بەشداریی پێبكات؛ لە هەمان كاتیشدا بە "ئاماژەی
سەر" یاخود "ئاماژەی چاو"، قوتابیی دوەمیش تێدەگەیەنێت کە دەیەوێت
ئاو بخواتەوە، یان شتێک فڕێ بدات، یاخود بچێتە دەرەوە.
Comments
Post a Comment